گۆڤارا زانستێن مرۆڤایەتی یا زانكۆیا زاخۆ (Sep 2023)
ڕەنگدانەوەی مێژووی میرانی کورد له شیعری حاجی قادری کۆییدا
Abstract
حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٩٧) وەکوو شاعیرێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیر له نێو بازنەی ئەدەبی کوردی له سەدەی نۆزدەدا، گرنگایەتییەکی زۆری به مێژوو و وێژه و زانست داوه. له نیوەی دووهەمی تەمەنی ئەدەبی و فیکریی خۆیدا ئاوڕی له زانیاران و میران و شاعیران و ناودارانی کورد داوەتەوه و خاڵە گرنگەکانی کارنامەیانی به کورتی تۆمارکردووه. ئەم لێکۆڵینەوەیه به شێوازی وەسفی-شیکاری دەیهەوێ ئاماژه و لایەنه مێژووییەکانی پەیوەندیدار به ماڵەمیرانی کوردەوه له شیعری حاجی قادردا لێکبداتەوه و به هەڵێنجان و دەرخستنی نموونە شیعرەکانی، دەست بداتە بەراوردکارییەکی زانستی لەگەڵ ئەوەیدا که لە سەرچاوە مێژووییەکانی وەکوو شەرەفنامەدا هاتووه. بەو نیازەی بتوانێ هەندێک له سەرچاوەکانی فیکر و هزری قووڵی حاجی بدۆزێتەوه. حاجی قادر جگە له لایەنی ئەدەبی و هونەری که یەکێک له ڕەهەندەکانی شیعری ئەم شاعیرەیه، بۆ هەر بوارێک له مێژووی میران و تۆمارکردنی ناو و یادی شاعیران و گەورە مرۆڤانی کورد هەوڵیداوە و تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەو میر و شاعیر و ئەدیبانەی تۆمارکردووه. له گرنگترین ئاکامەکانی ئەم توێژینەوەیه دەتوانین پەنجه بۆ ئەوە ڕابکێشین که کتێبی شەرەفنامەی بەدلیسی و هەندێ له دەسنووسەکانی تر، له کەنار ڕۆژنامە و گۆڤاری تورکی و ئەورووپیدا که له ئەستەمووڵ دەستی کەوتووه، سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئاگاداریی بوون و توانیویەتی زۆرێک له بارودۆخی سەردەم و ناوونیشانی میران له شیعری خۆیدا به چاوێکی ڕەخنەگرانەوه تۆماربکات.
Keywords